لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨/٩/٢٠١٩، شاندێک لە ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی بەشداری کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ١٣٢٥ی لە شاری بەغدا کرد، کە بە پاڵپشتی ڕێکخراوی Heartland Alliance بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە داڕشتنی ستراتیژیی بوو بۆ هاوپەیمانیەكە بۆ ساڵانی داهاتوو و كاراكردنەوەی ڕۆڵی هاوپەیمان لە پشتیوانیکردن و جێبەجێکردنی پلانی نیشتمانی عێراق.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، لە ئێوارەی كۆبونەوەكە، شاندی ڕێکخراو لەگەڵ بەڕێز محەممەد تەمیمی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە حکومەتی فیدراڵ، کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئاسانکردنی هاوکاریی داهاتوو لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاسانکردنی ڕێکارەکانی تۆمارکردن و هاوتاسازیکردن کرا. هەروەها پێشنیاری بەردەوامکردنی پەیوەندی و ئەنجامدانی دیدارێکی هاوبەشی نزیک لە داهاتوودا خراوەتە ڕوو.
لە ماوەی ئەم سەردانەدا، شاندی ڕێكخراوی لێكۆلەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموكراسی سەردانی کۆمەڵەی لێکۆڵەرانی دادوەری عێراقیشی کرد، و لەلایەن بەڕێز عەدلی محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامان بە گرمی پێشوازییان لێکرا.
هەر دوو لا گفتوگۆیان لەسەر هەماهەنگی هاوبەش لە چوارچێوەی یادداشتی لێك تێگەیشتن، پشتیوانیکردن لە دەسەڵاتی دادوەری، پەرەپێدانی سیستەمی لێکۆڵینەوەی دادوەری و گرنگیدان بە پرس و مافە پیشەییەکانی لێکۆڵەرانی دادوەری کرد.