لە چوارچێوەی پرۆژەی «کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی پێشوەختە»، لە ڕێکەوتی ٢٧–٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) و بە پاڵپشتی دارایی حکومەتی بەریتانیا – بەشی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (UK Aid)، خولێکی دوو ڕۆژەی بۆ ڕێنماییکارانی پەروەردەیی بە ناونیشانی «خولی ڕاهێنانی یاسایی بۆ بەهێزکردنی زانیارییە یاسایی، کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی ڕێنماییکارانی پەروەردەیی لەبارەی کەمکردنەوەی دیاردەی هاوسەرگیریی پێشوەختە» بەڕێوەبرد.
لە خولەکەدا بەڕێز خەندان سابیر محەمەد، بەڕێوەبەری رینماییکاران لە وەزارەتی پەروەردە، و بەڕێز ئەژی ئەمین، نوێنەری UNFPA، ئامادە بوون. خولەکە بە مەبەستی بەهێزکردنی زانیاریی یاسایی، کۆمەڵایەتی و دەروونیی ڕێنماییکارانی پەروەردەیی لەبارەی هاوسەرگیریی پێشوەختە و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەوان لە هۆشیارکردنەوەی قوتابیانی قوتابخانەکان لەم بوارەدا ئەنجامدرا.
لە ماوەی دوو ڕۆژی خولەکەدا، ڕاهێنەران پەیرەو ئەنوەر و م. یوسف عوسمان کۆمەڵێک بابەتی یاسایی، کۆمەڵایەتی و دەروونیی پەیوەندیدار بە دیاردەی هاوسەرگیریی پێشوەختە خستەڕوو و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەسەر ڕۆڵی ڕێنماییکارانی پەروەردەیی لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی قوتابیان کرا و لە کۆتایی خولەکەدا، بروانامەی بەشداریکردن بە بەشداربووان بەخشرا.