لە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو جێگیرکردنی بنەماکانی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پرۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی ستراتیژیی سەروەری یاسا گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی.
لە ڕێکەوتی ٢١ی ئایاری ٢٠٢٥، تیمی نیشتمانی عێراق لە دیوانی وەزارەتی داد لە بەغدا کۆبووەوە و دوای پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ستراتیژییەکە، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی تیمی نیشتمانی، هەنگاوی پێویست بۆ گەیشتن بە پەسەندكردنی دەقی ستراتیژییەکە جێبەجێكرا.
لە هەمان چوارچێوەدا، لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥، تیمی نیشتمانی هەرێمی کوردستان لە دیوانی وەزارەتی داد کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بەڕێز فریشتە ئەحمەد، وەزیری داد لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، و هەردوو جێگری سەرۆکی تیمی نیشتمانی، د. بورهان مەزهەر القیسی و خاتوو شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد لە هەرێم و بەغدا، بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری داد جەختی لە گرنگی ستراتیژیی سەروەری یاسا و ڕۆڵی لە بەهێزکردنی بنەماکانی دادپەروەری، لێپرسینەوە و سەروەری یاسا کرد. هەروەها، جەختی لەوە کردەوە کە گرنگتر لە ئامادەکردنی ستراتیژی، داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانی کرداری بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و بەندەکانی ستراتیژییەکەیە.
لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا، د. ئەحمەد محەمەد ئەمین میران، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) و ئەندامی تیمی نیشتمانی، بەشداریی کرد و واژووی لەسەر ڕەشنووسی ستراتیژیەتەکە کرد.
شایەنی باسە، لە ڕێوڕەسمێکدا لە لایەن ئەندامانی تیمی نیشتمانی واژوو لەسەر کۆنووسی پەسەندکردنی ستراتیژیەتەکە کرا و بە ڕێگای بەڕێز جێگری یەکەمی سەرۆکی تیمی نیشتمانی نێردرا بۆ سەرۆکی تیم و ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی پەسەندکردن وەکو قۆناغی كۆتایی.
شایانی باسە ڕێکخراوی لێکۆڵەر زیاتر لە دوو ساڵ بەردەوام و بێوچان، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، کاری لەسەر ئامادەکردنی ئەم ستراتیژییە کردووە. ئامانجی ئەم هەوڵە بەهێزکردن و جێگیرکردنی سەروەری یاسا لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانیە بۆ هەموو هاوڵاتیان.
نزیکبوونەوە لە قۆناغی کۆتایی بۆ پەسەندکردنی ستراتیژیی سەروەری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان
بەغداد
May 21, 2025 – May 25, 2025
4 views