بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

سەردانی شاندی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داد

عێراق، بەغدا April 11, 2024 33 views

شاندێکی ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL) پێکهاتوو لە بەڕێز پیشەوا حسامەدین، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراو، و بەڕێز ئاودێر ئەنوەر، بەرپرسی پەیوەندییەکان، سەردانی بەغدایان کرد و کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەڕێز د. خالد شوانی، وەزیری داد لە حکومەتی فیدراڵ، ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز د. بورهان مەزهر القیسی، جێگری وەزیری داد، و بەڕێز د. عدلی کرخی، ڕاوێژکاری ئەمێندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی، و سەرۆکی ئەنجوومەنی لێکۆڵەرانی عێراقی، ئامادە بوون.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی ڕێکخراو بە گشتی باسی چالاکی و کارەکانی ڕێکخراو لە ماوەی کارکردنی کرد، لەوانەش هەوڵەکانی ڕێکخراو لە بوارەکانی پەرەپێدانی یاسا، پێشنیارکردنی دەستکاری و پەرەپێدانی یاساکان، و بەڕێوەبردنی خول و چالاکییە هۆشیاری و یاساییەكان بۆ چین و توێژە جیاوازەكانی کۆمەڵگا، لە ئاستی حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.

هەروەها، باس لە پڕۆژەی بەهێزکردنی سەروەری یاسا کرا کە بە پشتیوانی دارایی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA) و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد جێبەجێ دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، گرنگی پڕۆژەکە و چالاکییەکانی پەیوەست بە بەهێزکردنی بنەماکانی سەروەری یاسا لە عێراق تاوتوێ کران.

لە بەشی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە توێژینەوەی «نیشاندەرەکانی سەروەری یاسا» کرا کە لەلایەن ڕێکخراوەوە ئامادە کراوە و لە کۆنفرانسێکی تایبەت لە بەغدا پێشتر ڕاگەیەنراوە. شاندی ڕێکخراو وێنەیەک لەم توێژینەوەیەی پێشکەش بە وەزیری داد کرد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بە مەبەستی پشتگیریکردن لە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردن و چەسپاندنی بنەماکانی سەروەری یاسا لە عێراق. هەروەها، شاندی ڕێکخراو سوپاسی وەزیری داد و جێگری وەزیری دادی بۆ پێشوازی و هاوکارییەکانیان و پشتگیرییان لە چالاکییەکانی پڕۆژەکە دەربڕی.


گەلەری

ڕاپۆرت