لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی نێودەوڵەتی شا عەبدوڵا بن عەبدولعەزیز بۆ گفتوگۆی نێوان ئایین و کەلتوورەکان (KAICIID)، یەکەمین وۆرکشۆپی خۆی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد، بە ناونیشانی «پاراستنی کەلەپوور و شوێنەوارە ئایینییە پیرۆزەکان».
ئەم وۆرکشۆپە سەکۆیەکی گفتوگۆی دابین کرد بۆ کۆکردنەوەی بەرپرسانی حکومەت، نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، شارەزایانی یاسایی و شوێنەوارناسان، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی دیدگا و ئەزموونەکان و تاوتوێکردنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چوارچێوەی یاساییی هەنووکەیی.
لە ماوەی گفتوگۆکاندا، سەرنج خرایە سەر ئالنگاری و دەرفەتەکانی پەیوەندیدار بە یاساکانی پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور، پاراستنی شوێنەوارە ئایینییەکان، هەروەها چوارچێوە یاساییەکانی پاراستنی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان.
بەشداربووان بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆیان خستەڕوو و لەسەر ڕێکارەکانی بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی و پاراستنی شوێنەوارە ئایینییەکان و کەلەپوور گفتوگۆیان کرد.