بازدان بۆ ناوەڕۆک
IOL

بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ئاشتی و گفتوگۆ لەسەر یاسای سزا جێگرەوەکان

عێراق، هەرێمی کوردستان، هەولێر September 21, 2024 4 views

ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ پاڵپشتی سەروەری یاسا و دیموکراسی (IOL)، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان (JNP) و بە پشتیوانی ڕێکخراوی فریاگوزاری خەڵکی نەرویجی (NPA)، بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ئاشتی، کە هەموو ساڵێک لە ٢١ی ئەیلول یاد دەکرێتەوە، ئێوارە دانیشتنێکی تایبەتی بە ناونیشانی «ڕۆژی جیهانی ئاشتی و داهاتووی یاسای سزا جێگرەوەکان» بەڕێوەبرد.

ئەم چالاکییە وەک بەشێک لە نەریتی ساڵانەی ڕێکخراو بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی بەڕێوەچوو. لە چوارچێوەی بۆنەکەدا، کۆمەڵێک تابلۆی هونەری کێشراو لەلایەن کەسانی بەهرەدارەوە پیشان دران کە دەربڕینی ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ بوون. هەروەها، ئەمساڵ ڕێکخراو گرنگییەکی تایبەتی بە بابەتێکی گرنگ و هەنووکەیی دا، کە بریتی بوو لە ڕەشنووسی یاسای سزا جێگرەوەکان، کە لەلایەن تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان (JNP) ئامادە کراوە.

ئامانجی ئەم بەشە لە چالاکییەکە، ناسین و ڕوونکردنەوەی زیاتر لە یاسای سزا جێگرەوەکان، کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ ئەم بابەتە، و دەوڵەمەندکردنی ماددەکانی ڕەشنووسەکە بوو، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕەشنووسەکە ئامادە بێت و بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران، بە مەبەستی پەرەپێدانی پرۆسەی یاسایی و هەنگاونان بەرەو بوون بە یاسا.

لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا، بەڕێز پێشەوا حوسامەدین، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی IOL، وتەیەکی بەخێرهێنان پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی بۆنەکە و بابەتەکانی دانیشتنەکە. دواتر، وتەی بەڕێز سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر لەلایەن دادوەر نادر عەبدولعەزیز هەرکی، سەرۆکی دادگای تاوانی هەولێر/١، خوێندرایەوە، کە تێیدا پشتگیریی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر بۆ ئەم پڕۆژەیە دووپات کرایەوە.

پاشان، بەڕێز فەلاح مستەفا، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، وتەی فەرمانگەکەی پێشکەش کرد و جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و بۆنە هاوبەشەکان کردەوە و سوپاسی IOLی بۆ هەوڵ و چالاکییەکانی کرد. دواتر، بەڕێز شوان سابر، سەرۆکی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان (JNP)، باسێکی مێژوویی لەسەر سەرەتای بیرۆکەی سزا جێگرەوەکان و خاڵە ئەرێنییەکانی پێشکەش کرد. لە بەشی دواتردا، د. دلێر سابر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ناوەڕۆکی ماددەکانی ڕەشنووسی یاسای سزا جێگرەوەکانی خستەڕوو و دواتر دەرفەت بە بەشداربووان درا بۆ پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکانیان.

ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕانی یاسایی، دادوەران، ڕاوێژکارانی پەرلەمان، نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم، مامۆستایانی زانکۆ، لێکۆڵەرانی دادوەری، پارێزەران، ئەفسەرانی پلەبەرزی پۆلیس، نوێنەرانی یۆنامی، نوێنەرانی دامەزراوەکانی چاکسازیی هەرێم، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان لە چالاکییەکەدا ئامادە بوون.


گەلەری

ڕاپۆرت