هەنگاوی یەکەمی پراکتیکی بەرەو جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانیی عێراق بۆ سەروەریی یاسا

یەکەم هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ سەروەریی یاسا
لە چوارچێوەی پڕۆژەی (بنیادنانی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق - Building Peace and Security in Iraq )، لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕێکخراوی لێکۆڵەر بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دادی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی (IRC) و بە پاڵپشتیی دارایی (UKaid)، وۆرکشۆپێکی بۆ ئەندامان و نوێنەرانی وەزارەتی داد لە شاری بەغدا ئەنجام دا.
لە وۆرکشۆپەکەدا، کە بە سەرپەرشتیی پسپۆڕی نێودەوڵەتی محەمەد تەمیمی بەڕێوە چوو، "پلانی جێبەجێکردنی وەزارەتی داد" بۆ ساڵانی (٢٠٢٥-٢٠٢٩) داڕێژرا. بەشداربووان تیشکیان خستە سەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پلانەکە، دابینکردنی پێداویستییەکان و دانانی پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن، تا دڵنیا بن هەنگاوەکان کرداری دەبن و بەتەواوی لەگەڵ ستراتیژییە نیشتمانییەکە و نەخشەڕێگای پێنج ساڵی ئایندەدا دەگونجێن.
ئەم چالاکییە بە یەکەم هەنگاوی کرداریی دەستپێشخەرییەکانی وەزارەتی داد لە چوارچێوەی ستراتیژییەکەدا دادەنرێت. دەرەنجامەکانی ئەم وۆرکشۆپە بناغەیەکی پتەو بۆ قۆناغەکانی داهاتوو دادەنێن و یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی وەزارەتەکانی دیکەی نێو ستراتیژییەکەش هەنگاو بەرەو جێبەجێکردن بنێن؛ ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی سەرەتایی و ڕێگەخۆشکەر بۆ وڵاتێکی سەقامگیرتر و خاوەن سەروەری.